نۆکیا و مایکرۆسۆفت پێکەوە لە هاوپەیمانییەکدا!

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، ستێفانی ئیلۆپی بەڕێوەبەری نۆکیا و ستیڤ باڵمەڕی بەڕێوەبەری مایکرۆسۆفت هاوپەیمانییەکیان پێکەوە ڕاگەیاند کە نۆکیا Windows Phone 7ی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنێت لەسەر مۆبایلەکانی و مایکرۆسۆفتیش سوود لە چەند خزمەتگوزارییەکی نۆکیا وەردەگرێت.
لە ئێستاوە نۆکیا کار لەسەر سیستەمی ویندۆز فۆنی مایکرۆسۆفت دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بەتەواوەتی جێگەی سیمبیان دەگرێتەوە. واتە نۆکیا دەستبەرداری سیمبیان دەبێت لە داهاتوودا، بەڵام لەم ماوەیەدا ١٥٠ ملیۆن ئامێری سیمبیان دەخاتە بازاراوە کە هەنووکە ٢٠٠ ملیۆن مۆبایلی سیمبیان هەیە.

نۆکیا یارمەتی ویندۆز ئەدات بە دروستکردنی مۆبایلی باشتر و دابینکردنی ویندۆز فۆن ٧ لە چەندین نرخ و ناوچەی جیاوازدا.

نۆکیا  ومایکرۆسۆفت هاوکاری یەک دەکەن لە پەرەپێدانی بەرهەمەکانی مۆبایل.

بینگ پاڵپشتی خزمەتگوزارییەکانی گەڕانی نۆکیا دەکات. خزمەتگوزاریی ڕیکلامی AdCenterی مایکرۆسۆفت ڕیکلام لە بەرهەم و خزمەتگوازرییەکانی نۆکیادا دابین دەکات.

Nokia Maps بەشێکی سەرەکی خزمەتگوزاری مایکرۆسۆفت ئەبێت. مایکرۆسۆفت لە بزوێنەری گەڕانی بینگ و ڕیکلامدا سوودی لێ دەبینێت.

پارەدان لەڕێی operatorـەوە کە خزمەتگوزارییەکی نۆکیایە دەبێتە ئاسانکارییەک بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی نۆکیا کە پڕۆگرام و خزمەتگوزاری لە ویندۆز فۆن بکڕن.

کۆگای نەرمەواڵەی نۆکیا، Ovi Store لەگەڵ Windows Marketplaceی نۆکیا تێکەڵکێش دەکرێت.

نۆکیا لەگەڵ مایکرۆسۆفت دەتوانن مۆبایلێکی بەتوانا دروست بکەن کە چەند بەرهەمی گرنگی تیادا بێت، لەوانە: Office, Bing, Xbox Live, NAVTEQ لەگەڵ شارەزایی نۆکیا لە دروستکردنی باشترین ڕەقەواڵەی مۆبایل، کامێرا، دابەشبوونی جوگرافی نۆکیا.

بەڵام ئایا مایکرۆسۆفت لەگەڵ نۆکیا دەتوانن ڕکابەری گووگڵ و ئەپڵ بکەن کە دەبنە بەهێزترین ڕکابەری مایکرۆسۆفت/نۆکیا؟ یان وەک زۆرێک لە بەرهەم و هەوڵەکانی ڕابردووی هەردوو کۆمپانیا دەبێتە شکستێک و سەری هەردووکیان ئەخوات؟ نۆکیا لە ڕابردوودا چەندین هەڵەی کردووە بەوەی ملیۆنەها دۆلاری لە خزمەتگوزارییەکدا بەفیڕۆداوە سەرەنجام هەمان خزمەتگوزاری داخستووە و Windows Phone 7ی مایکرۆسۆفتیش هێشتا نوێیە و ٤ مانگە لە بازارەکاندایە و هەنووکە بەکارهێنەرێکی ئێجگار کەمی هەیە لە بازارەکاندا.

بۆ بینینی بەشێک لە کۆنگرەکە، تەماشای ئەم گرتەیە بکە:

5 comments:

  1. دەستخۆش بۆ ئەم هەواڵە، ئەمە ئەو رۆژەیە کە من نۆکیام بەتەواوی لەبەرچاو کەوت تیایا، ئاخر کێشەی مایکرۆسۆفت ئەوەیە وا ئەزانیت هەموو ئەو جیهانە ئیکس بۆکس بەکار ئەهینن کەس ps3 وwii نییە هەموو یوسەری ئەم جیهانە هۆتمەیڵە بەکار ئەهینن و تا دوای ،،،، لێرە من بڕوام نییە سودێکی لێ ببینیت چونکە نە ئیکس بۆکس لایڤ لە عێراق ئیش ئەکات و نە ماپەکان گەر ئیشیش کات نیوە ناچڵە،
    سەڕەڕای ئەوە مایرۆسۆفت خۆی لە قەیراندایە لە بازاری مۆبایلدا بە دوری نازانم ئەمە زەرەرێکی زۆر گەورە لە نۆکیاش بدات یوسەر کەشتیکی نەویست نایەوێت من براوام وایە مایکرۆسۆفت بۆ ویندۆز مۆبایل لەگەڵ هەر کۆمپانیایەک گرێبەست بکات لەگەڵ خۆیدا هەرسی پێ دێنێت

    ReplyDelete
  2. من خۆم مۆبایلی داهاتووم میگۆ یان ئەندرۆیدە. باشتر نەبوو نۆکیا هەرسێ سیستەمەکەی هەبووایە؟
    هەندێ شت تا ئێستا ڕوون نییە وەک جگە لە فرۆشی ئامێرەکان سوودی دارایی نۆکیا چییە؟
    ئەگەر بیر لە قازانجی مایکرۆسۆفت بکەیتەوە لەم هاوپەیماییە، وەک خەوێک وایە بۆ مایکرۆسۆفت. بەڵام نۆکیا؟

    ReplyDelete
  3. ئەگەر نۆکیا ئەندرۆید هەڵبژاردایە پێم وایە زۆر باشتر بوو!
    منیش لام سەیرە نازانم نۆکیا سودی چییە لەم هاوپەیمانیەدا؟
    وەک بیستم کۆمەڵێکی زۆر لە کارمەندانی نۆکیا ئەمرۆ خۆپیشاندانیان کردووە بەهۆی ئەم گرێبەستەوە نازانم تا چەن ئەم هەواڵە راستە!

    منیش ئەم جارە ئەندرۆید هەڵ ئەبژێرم پێشتریش هەر حەزم لێ بوو بەڵام لەسەر سۆنی ئەریکسۆن نا چونکە تەچی سۆنی ئەریکسۆن سەقت ترین تەچە لەدنیای ئامێرە تەچ سکرینەکاندا!

    ReplyDelete
  4. نۆکیا نازناوێکی گەورەی هەیە، پێم وانییە کە هەموو بازاڕەکانی سیستەمەکانی تەرخان بکات بۆ مایکرۆسۆفت، لە سەرەتاوە خۆیان بەردەوام دەبن لەسەر میگۆ و سیمبیان، کەی مایکرۆسۆفت وەشانێکی جێگیر و پتەوی داڕشت ئەوسا ئەو ئەگەرە دێتە پێشەوە کە نۆکیا پشتیان پێ ببەستێت.

    ReplyDelete
  5. ڕاستە، بەپێی ئەو presentationـەی نۆکیا هەتا ٢٠١٥ خستنەبازاڕی سیمبیان بەردەوام ئەبێت. جگە لەوەش نۆکیا خۆیان نەیان وتووە windows phone 7. تەنها بە windows phone ناویان بردووە. ئەڵێن تا ئەو کاتەی نۆکیا ویندۆز فۆن ئەخاتە بازاڕەوە ئەبێتە وەشانی ٧.٥ بۆیە لەوانەیە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تیا ڕووبدات کە شایانی بەکارهێنان بێت.

    ReplyDelete