مایکرۆسۆفت ١٥ دۆلار وەردەگرێت بۆ هەر مۆبایلێکی سامسۆنگ بە سیستەمی ئەندرۆید

بەبیانوی ئەوەی گووگڵ لە سیستەمی کارگێڕیی ئەندرۆیددا چەند داهێنراو (patent)ێکی مایکرۆسۆفتی بەبێ مۆڵەت بەکارهێناوە، مایکرۆسۆفت گرێبەستێک لەگەڵ سامسۆنگ دەبەستێک کە بۆ هەر مۆبایلێک کە سامسۆنگ بە سیستەمی ئەندرۆید دروستی دەکات، بڕی ١٥ دۆلار بدات بە مایکرۆسۆفت.



گووگڵ و سیستەمەکەی، ئەندرۆید، لەژێر هێرشی زۆری کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی مۆبایلدان بەوەی ئەندرۆید یان کۆمپانیاکانی کە سیستەمی ئەندرۆید بەکاردەهێنن داهێنراوی کۆمپانیایەکی دیکە بەکاردەهێنن و مافی داهێنراوەکە پێشێل دەکەن. ئەمەش بۆتە هۆی بەدادگاگەیاندنی یەکتری کۆمپانیاکان کە تیایدا ئەپڵ سامسۆنگ دەداتە دادگا  و فرۆشی بەرهەمەکانی سامسۆنگ قەدەغە دەکات، سامسۆنگ ئەپڵ دەداتە دادگا، مایکرۆسۆفت هەردوو HTC و سامسۆنگی داوەتە دادگا، نۆکیا و ئەپڵیش بەهەمان شێوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار یەکترییان داوە بە دادگا لەسەر بەکارهێنانی داهێنراوی یەکتری بەبێ مۆڵەت.

لە دوایین هەوڵی کۆماپیاکاندا، ئەپڵ توانی ئامێری Galaxy Tab لە وڵاتی ئەڵمانیا و ئوتوڕاڵیا ڕابگرێت. لەدوای ئەوە سامسۆنگ ئەپڵی دایەوە بە دادگا بەوەی کە ئەپڵ چەند داهێنراوێکی 3Gی سامسۆنگ بەکاردەهێنێت بەبێ مۆڵەت. نۆکیا ئەپڵی دا بە دادگا  و دۆسییەکەی بردەوە، توانی ئەپڵ ناچار بکات بە پێدانی مافی داهێنراوەکانی نۆکیا کە بڕوا وایە ئەپڵ لە فرۆشی هەر ئایفۆنێک بڕی ١١ دۆلار دەداتە نۆکیا کە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئەپڵ ٣٩١ ملیۆن یۆرۆ هەقی داهێنراوەکانی نۆکیای دا.

سامسۆنگ مافی داهێنراوەکانی مایکرۆسۆفت دەدات
سامسۆنگ مافی داهێنراوەکانی مایکرۆسۆفت دەدات


هەرچی مایکرۆسۆفتیشە، هەنووکە گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و HTC دا هەیە کە هەریەکێکیان بۆ هەر مۆبایلێک کە بە سیستەمی ئەندرۆید دروستکرابێت، بڕێک پارە بداتە مایکرۆسۆفت. HTC بۆ هەر مۆبایلێکی ئەندرۆید ٥ دۆلار ئەداتە مایکرۆسۆفت و سامسۆنگیش ١٥ دۆلار.

هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەندرۆید داهێنراوی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنێت. هەرچەنە مایکرۆسۆفت دەتوانێت گووگڵ بداتە دادگا چونکە لەڕاستیدا گووگڵە کە مافی داهێنراوی مایکرۆسۆفتی پێشێل کردووە، بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە بە قازانجی مایکرۆسۆفتە ئەگەر گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن (سامسۆنگ و HTC) ببەستێت.

بۆ نموونە سامسۆنگ تەنها لە فرۆشی مۆبایلی Galaxy S II ١٠ ملیۆن یەکەی لێ فرۆشراوە، گەر بۆ هەر مۆبایلێک ١٥ دۆلار بدرێتە مایکرۆسۆفت، ئەوا ١٥٠ ملیۆن دۆلار وەردەگرێت تەنها لە فرۆشی یەک جۆر مۆبایل. بەم شێوەیە مایکرۆسۆفت ساڵانە دەوروبەری ١ بلیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت لە مۆبایلێک نە خۆی دروستی کردووە، نە سیستەمەکە هی خۆیەتی، بەڵکو تەنها بۆ پێدانی مافی داهێنراوەکانی.

[سەرچاوە Microsoft]

2 comments:

  1. ئارا گیان سڵاو،
    هەرچەندە جاری تر نوسیم ئەوەی تۆ باسی دەکەیت هەڵە تێگەشتووی، دەزانم زۆریش وا تێگەشتوون. بەڵام هیچ بنەمای نییە، بچووکترین کۆد لەمسەر تائەوسەری نە ئایئۆس نە ئەندرۆید ...هتد هی مایکرۆسۆفت نەبوون و ناشبن وە شتی واش نییە مایکرۆسۆفت دەتوانێت گووگڵ بدات بە دادگا و بەڵام دەڵێ قەینا هههه.
    ئەوەی گووگڵی داوە بە دادگا ئۆراکڵە لەسەر جاڤا، ئەویش سەرنەکەوت، چونکە هۆکارەکەشی ئەوەیە گووگڵ مافەکانی پێش وەشاندن کوڵاندووە، هەرچەندە ئۆراکڵ مافی خۆیەتی لەسەر قازانجی بەشداربێت. بەڵام گووگڵ زۆر بەربڵاوترن لەو بوارە و پێشترە لەگەڵ سەن کۆمەڵێک پەیمانیان هەیە بۆ تووڵئامراز کە وەختی خۆی بە کۆدەوە دراوە بەمان و ئەمان دایانخستووە.
    سەبارەت بەوەی مایکرۆسۆفت ئەوە لە بازرگانیدا و لای خۆشمان کاتێک سەیارە ..هتد دەکڕیت جۆرێک پارە دەدەیت بۆ گەرەنتی کە دەتەوێت، یان تۆ لەگەڵ کۆمەڵێک بازرگان ڕێکدەکەویت کە کەرەستەیان لە پاکستانەوە بگەیەنیتە سلێمانی و ئەوانیش لەگەڵ پووشی موبەریدە بیفرۆشن. کاتێک وەرگرەکان ئامێری باشتریان لە پاکستانییەکە یان هەرزانترینیان لە پاکستانییەکە دەستدەکەوێت بە سێرڤیسی باشترەوە. ئەوەی تۆ لەو ناوە دەکەوێت وەکو پاکستانی، ناچار بازرگان دەچێت داوای ئەو مافەی دەکات کە لەبەر خاتری ئەمان چووە بۆ پاکستان و بە ملیۆنەها دیناری سەرفکردووە و گومرگ و خەڵک و بار ...هتد.
    ئەمەی مایکرۆسۆفتیش هەمان شتە، بۆ سەردەمێک هیج کەس نەبوو لە ناوانا ئەو کۆمپانیا مەمنوون بوون لەگەڵی پەیمان ببسەتن تا ئامێرەکانیان سیستەمی هەبێت، ئێستاش دنیا گۆڕاوە و ئەوان بوون بە گووگڵ و بە ملیۆنەها قازانج دەکەن، هەموو هیلاکی کۆششی مایکرۆسۆفت و بودجەکەی کەوتووە ناگاتە سەدا ٨ بازاڕی هەموو جیهان. بۆیە پیاو قسەیە بۆ دزیش بکات، ئەوانیش بۆ هەر ئامێریک تا گریبەستەکەی کە پووچەل بووەتەوە دەبێت بڕێک پارەبدەن.
    دڵ لە دڵ مەدە، فلس بە فلسی کە باجی گشتی وەردەگرنەوە، لە ئەوروپا ئەم بەزمانە تەنها پارەشتنەوەی یاساییە.
    وە واش نییە مایکرۆسۆفت بەو قسەیە بێت هەر خەریکی قازانجە، بەڵام بە تایبەت ٣ ساڵی ڕابردوو پەڕی پێوەنەماوە. ئیتر ئاراگیان خۆ خەڵک لە مەریخەوە نایەت بۆ بازاڕ. بازاڕەکان ڕێژەن و ڕێژەکان دیارن بۆ کێن، ئیتر ئەوەی لە کەرێژەی کەمبێت بەم شتانە هەڵناسێتەوە. ئاگات لە سامسۆنگ هەیە چییە؟!!

    سوپاس بۆ هەواڵەکەشت.

    ReplyDelete
  2. سڵاو.
    پێ دەچێ کە شتی وا بوونی هەبێت، چونکە مافی داهێنان patent ئەگەر هەبوو بێ ئەبێت بدرێت و ئەمە بە یاسا ڕێک دەخرێ، نە لەبەر چاوی کاڵی مایکرۆسۆفتە و نە لەبەر مۆنۆپۆلی بازاڕە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو کاک سیا، گومانم هەیە لە دروستی ئەو هەواڵە.
    زۆر جار پرس دەکەم بۆ تی شیرتی لاکۆست وا گرانە، خۆ قوماشەکەی وەکو ئەوانی ترە، بەڵام بوونی ئەو تیمساحە لەسەری ناوبانگ و نیشانەی شوێنێکە کە لەوانەیە وەکو ئەو هەواڵەی سەرەوە بۆ هەر کراسێ ٥ دۆلار وەربگرێ.

    ReplyDelete